10/06/2026
بنەماڵەی حاجی ئاسۆ سوڵحی عەشایەریان ڕەتکردەوە
بنەماڵەی "ئاسۆ مەجید" ناسراو بەحاجی ئاسۆ ، ئەو پێشمەرگەیەی لەسەر نوسینی کۆمێنتێک لەلایەن هێزەئەمنییەکانی هەولێرەوە بۆ ماوەی 64 ڕۆژ بێسەروشوێنکراو ، سەرەنجام لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا سوڵحی عەشایەرییان ڕەتکردەوە ..
بەپێی زانیارییەکان شەوی ڕابردوو وەفدێکی پارتی کە پێکهاتبوون لەژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی و نوێنەرایەتی لقی 4 ـی پارتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە چوونەتە ماڵی حاجی ئاسۆ لەشاری سلێمانی ..
بەووتەی کەسێکی نزیکی بنەماڵەی حاجی ئاسۆ وەفدەکەی پارتی پێکهاتوون لەنوێنەری عەلی حسێن سورچی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی و نوێنەری ئاری هەرسین بەرپرسی لقی 4 ـی پارتی و نوێنەری شەماڵ عەلی بەرپرسی دەزگای پاراستنی پارتی لەسلێمانی و دوو ئەندامی بنەماڵەی حەسەن جەباری (ئەو کەسەی بەفێڵ حاجی ئاسۆی نارد بۆ هەولێر) و وەفدەکە لەلایەن هێزێکی چەکداری زێرەڤانی پاسەوانیان کراوە کە پێکهاتوون لە 15 ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکدار کە لەبنەڕەتدا پاسەوانی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتین لەسلێمانی ..
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەفدەکەی پارتی پێشنیاز و داواکارییان لەبنەماڵەی حاجی ئاسۆ و براکانی ئەوە بووە کە کەیسی حاجی ئاسۆ دوور لەڕاگەیاندنەکان و بەسوڵحی عەشایەری لەنێوان پارتی و بنەماڵەی حاجی ئاسۆ دابخرێت و بێدەنگەی لێ بکرێت ، بۆ ئەو مەبەستەش بەناڕاستەوخۆ باسی بڕێک پارە کراوە لەبەرامبەر داخستنی کەیسەکەدا پارتی بیدات بە براکانی حاجی ئاسۆ ..
بەپێی زانیارییەکان بنەماڵە و براکانی حاجی ئاسۆ داواکاری وەفدەکەی پارتییان بۆ ڕێککەوتن و سوڵحی عەشایەری ڕەتکردووەتەوە و لەدانیشتنەکەدا دەمەقاڵێ و دەنگەدەنگ دروست بووە و هاوسەر و براکانی حاجی ئاسۆ وەفدەکەی پارتییان لەماڵەکەیان کردووەتە دەرەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە ئەگەر دەستبەجێ ماڵەکەیان جێنەهێڵن تەلەفۆن بۆ ڕاگەیاندنەکان دەکەن ، بۆیە وەفدەکەی پارتی دەستبەجێ ماڵی حاجی ئاسۆیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی ...