10/03/2026
کاتێک نەزانین لەبەرگی زانستدا خۆی دەنوێنێت، ونەزان دەبێتە پێشەوا
پێشەکی: نەخۆشیی خۆهەڵقورتاندن لە پانتایی شەریعەتدا
سوپاس وستایش بۆ ئەو خوایەی کە عەقڵی پێبەخشیوین بۆ بیرکردنەوە وڕێسای داناوە بۆ تێگەیشتن، ودروود وسەلام لەسەر ئەو پێغەمبەرەی کە فێریکردین زانست ئەمانەتە وقسەی بێ بەڵگە سەرگەردانییە.
خوێنەر وگوێگری بەڕێز، یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی ئەوڕۆی ئوممەتی ئیسلامی، غیابی پڕەنسیپی (الِاخْتِصَاص - پسپۆڕی)یە. کێشەکە ئەوە نییە کە نەزان هەیە، چونکە نەزانین چارەسەری بە فێربوون دەکرێت، بەڵکو کارەساتەکە ئەوەیە کە کەسێک نەزان بێت وخەڵکیش بە زانای بزانێت! بە داخەوە ئەوڕۆ لە سێبەری بێسەروبەرەیی دەسەڵاتداری ومیدیاییدا، دەبینین کەسانێک کە ناتوانن دێڕێکی زمانی عەڕەبی بە دروستی بخوێننەوە، خۆیان دەکەنە فەتوادەر وحاکم بەسەر ئیمان وشەریعەت ونوێژ وپەرستشی ملیۆنان موسڵماندا. لە ژێر پەردە وبانگەشەی درۆیینەی (شوێنکەوتەی قوڕئان وسوننەت) وبە بڕوانامەی ئەکادیمیی بێ ناوەرۆكەوە، قسەگەلێک بڵاودەکەنەوە کە تێکەڵەیەکە لە تێنەگەیشتن، هەڵەی ڕێزمانی، وسەقەتکردنی دەقەکان.
یەکێک لەم نموونانە کە ئەوڕۆ بووەتە جێی باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو قسانەیە کە (دكتر یەحیا - ناسراو بە دکتر یەحیا تەوحیدی) بڵاویکردووەتەوە وتێیدا نوێژی بەیانیی ئەو هەموو موسڵمانە بە (بەتاڵ) لە قەڵەمدەدات! بۆیە بە ئەرکی زانستی وشەرعی خۆمانی دەزانین کە لە دوو تەوەردا، پەردە لەسەر ئەو کارەساتە زانستییانە هەڵماڵین.
تەوەری یەکەم: کاتێک ڕێزمانی عەڕەبی دەبێتە قوربانی! هەڵە کوشندەکانی خوێندنەوە
بەر لەوەی بچینە سەر تێگەیشتن وفەتوای هەر کەسێک، دەبێت سەرەتا بزانین ئایا ئەو کەسە کەرەستەکانی تێگەیشتنی (کە زمانی عەڕەبییە) هەیە یان نا؟ با پێکەوە بگەڕێین بە ناو ئەو ڕستە ودەقانەی کە ناوبراو لە خوێندنەوەی فەرموودەی (کاتی نوێژەکان - مواقيت الصلاة) دا هێناویەتییەوە.
خوێنەر وگوێگری هێژا، پێوانەی سەرەکی بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لە زانستەکانی شەریعەتدا قسە بکات وبڕیار بەسەر پەرستشی خەڵکیدا بدات، شارەزاییەتی لە زمانی قوڕئان وسوننەت (زمانی عەڕەبی). کاتێک کەسێک، با نازناوی دکتۆریش بەخۆی بدات، نەتوانێت تاقە یەک فەرموودە بەبێ دەیان هەڵەی کوشندە بخوێنێتەوە، چۆن دەتوانێت حوکمی بەتاڵبوون بەسەر نوێژی بەیانیی ملیۆنان موسڵماندا بدات؟!
با پێکەوە، بە چاوی ئەکادیمی وبە پێوەری زانستی زمانەوانی، وردبینەوە لەو ١٤ هەڵە کارەساتبارەی کە ناوبراو (دكتر یەحیا) لە خوێندنەوەی فەرموودەی (کاتی نوێژەکان لەلایەن جوبرەئیلەوە)دا کردوویەتی، بۆ ئەوەی بزانین حەقیقەتی ئەو بانگەشانە چەندە لە زانستەوە دوورن:
١. پچڕاندنی پەیوەندیی دەق (الضمائر):
لە سەرەتای فەرموودەکەدا ناوبراو دەخوێنێتەوە: (جَاءَ جِبْرِيلُ)! ئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە، چونکە ڕستەکە بەم شێوەیەیە: «أَنَّ النَّبِيَّ ﷺ جَاءَهُ جِبْرِيلُ». دەبێت بە (جَاءَهُ) بخوێنرێتەوە. فڕێدانی جێناوی (هاء) کە دەگەڕێتەوە بۆ سەروەرمان پێغەمبەر ﷺ، نیشانەی لاوازییەکی زەقە لە هەستکردن بە بونیادی ڕستەی عەڕەبی.
٢. تێکەڵکردنی مێژوو لەگەڵ فەرمان (الماضي والأمر):
لە باسی نوێژی نیوەڕۆدا دەڵێت: (فَصَلِّ الظُّهْرَ)! لێرەدا وشەی (صَلِّ) کرداری فەرمانە (فعل الأمر)، کەواتە ماناکەی دەبێتە: "هەستە نوێژی نیوەڕۆ بکە". لە کاتێکدا فەرموودەکە باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەر ﷺ نوێژەکەی ئەنجامدا، بۆیە ڕاستییەکەی بریتییە لە کرداری ڕابردوو (فعل الماضي) ودەبێت بە ئەلیفی مەقصوڕەوە بخوێنرێتەوە:«فَصَلَّى الظُّهْرَ». ناتوانین فەرمان وڕابردوو لەیەک جیانەکەیتەوە وداوای پێشەوایەتی ئایینیش بکەیت!
٣. دووبارەبوونەوەی نەزۆکی لە تێگەیشتن بۆ نوێژی عەسر:
هەمان کارەسات لە باسی عەسردا دووبارە دەکاتەوە ودەڵێت: (فَصَلِّ الْعَصْرَ)! لێرەشدا دیسان کرداری ڕابردوو (فعل الماضي)ی کردووەتەوە بە فەرمان (فعل الأمر). خوێندنەوەی دروست تەنها:«فَصَلَّى الْعَصْرَ»یە.
٤. ڕووخاندنی پایەکانی ڕستەی ناویی (الجملة الاسمية):
کاتێک دەگاتە دیاریکردنی کاتەکە دەڵێت:(صَارَ ظِلُّ كُلِّ شَيْءٍ مِثْـلُــهُ)، وشەی (مِثْـلُــهُ) بە (ضەممە - مەڕفوع) دەخوێنێتەوە! هەر کەسێک بۆنی ڕێزمانی عەڕەبی (النحو)ی کردبێت، دەزانێت کە (صَارَ) لە خوشکەکانی (كان)ـیە؛ اسمى (مرفوع) دەبێت، وخەبەرەکەی (منصوب) دەبێت. وشەی (مِثْل) لێرەدا هەواڵ (خَبَر)ـە، بۆیە دەبێت بڵێت: «حِينَ صَارَ ظِلُّ كُلِّ شَيْءٍ مِـثْـلَـهُ» (بە فەتحە). ئایا دەكرێ حاکم بەسەر شەریعەت نەزانێت خەبەری "كان وصار" مەنصوبە؟!
٥. داهێنانێکی سەرسوڕهێنەر: بکەری کارپێکراو بە مەجروری!
لەو خاڵەدا لوتکەی هەڵە تۆماردەکات؛ لە باسی مەغریبدا دەڵێت: (فَصَلِّ الْمَغْرِبِ)! با واز لە (صَلِّ) بهێنین، وشەی (الْمَغْرِب) لێرەدا (مفعول به)یە ودەبێت هەمیشە مەنصوب (فەتحە) بێت، بخوێنێتەوە:«فَصَلَّى الْمَغْرِبَ». ئەوەی کەسێکی وەک دکتر ناوێک کە مەفعولە، بە (کەسرە) بخوێنێتەوە، هەڵەیەکی وا فەزیحەیە کە قەڵەم شەرم دەکات بینووسێت. ئایا بەم جۆرە قوڕئان وسوننەت شەڕحدەکەن بۆ ئەهلی تەوحید؟!
٦. تێکدانی نوێژی عیشاش بە هەمان دەرد:
پاشان دەڵێت:(فَصَلِّ الْعِشَاءْ)! دیسانەوە شکاندنی ڕێزمان؛ چونکە ڕاستییەکەی بە کرداری ڕابردوو (فعل الماضي)یە، دەبێت بخوێنێتەوە:«فَصَلَّى الْعِشَاءَ».
٧. کاتێک گەردوون لادەدات: (فەجر خۆی دێت!)
لە دەقی هاتنی جوبرەئیل بۆ کاتی بەیانی، دەیخوێنێتەوە: (ثُمَّ جَاءَهُ الْفَجْـرُ)، وشەی (الفجر) بە ضەممە ووەک بکەر (فاعیل) دەخوێنێتەوە! بەمەش ماناکە دەبێتە: "پاشان سپێدەی بەیانی خۆی هاتە لای پێغەمبەر!". کە ئەوە لەڕووی واتاییەوە کارەساتە. لە کاتێکدا مەبەستی فەرموودەکە ئەوەیە کە حەزرەتی جوبرەئیل لە "کاتی" فەجردا هات. بۆیە وشەکە لێرەدا جێگەی کاتە (مفعول فيه/ ظرف زمان) ودەبێت بە فەتحە بخوێنرێتەوە: «ثُمَّ جَاءَهُ الْفَجْرَ».
٨. هەڵەی فەرمان بۆ بەیانیش:
دێتە سەر باسی ئەنجامدانی نوێژەکە ودیسان دەخوێنێتەوە: (فَصَلِّ الْفَجْرَ)، پاشانیش بە مانا کوردییەکەی دەڵێت: "نوێژی بەیانی کرد!" بێ ئاگا لەوەی خۆی بە عەڕەبی وەک کرداری فەرمان (فعل الأمر) دەیخوێنێتەوە، بەڵام بە کوردییەکەی وەک ڕابردوو لێی تێگەیشتووە!
٩. گۆڕینی کردار بۆ ناو وتێکدانی بکەر:
دەگاتە کاتی دەرکەوتنی سپێدە، دەیخوێنێتەوە: (حِينَ بَرْقَ الْفَجْرِ)! وشەی (بَرَقَ) لێرەدا کرداری ڕابردووە (فعل الماضي) وهەرسێ پیتەکەی فەتحەدارن (بَرَقَ). هەروەها (الفجر) لێرەدا بکەری بریقەدانەوەکەیە، بۆیە دەبێت بە ضەممە بیخوێنێتەوە، بڵێت:«حِينَ بَرَقَ الْفَجْرُ».
١٠. بێسەروشوێنکردنی بکەر (فاعل)!
دیسان دەڵێت:(حِينَ سَطَعَ الْفَجْـرَ)! وشەی (الفجر) بە فەتحە وەک مەفعول دەخوێنێتەوە. لێرەدا پرسیارێکی ڕێزمانیی قووڕس دروستدەبێت: ئەگەر (فەجر) لێرەدا مفعول بێت، ئەی کێیە ئەوەی درەوشاوەتەوە وبڵاوبووەتەوە (الفاعل)؟! دیارە بکەرەکە سەفەری کردووە بۆ پایتەختی ئال سعود! جەنابی ئەگەر لەسەر ڕێسای دروستی عەڕەبی بیخوێندبایەوە وبیگوتبا:«حِينَ سَطَعَ الْفَجْرُ» بە ضەممە كێشە دروستنەدەبوو.
١١. تێنەگەیشتن لە حیسابات وگەورەترین کارەساتی فیقهی لە نوێژی عەسردا:
دەستپێکی ڕۆژی دووەم، کارەسات لەسەر کارەساتە. دەڵێت: (حَتَّى صَارَ ظِلُّ كُلَّ شَيْءٍ مِثْلهِ)!
یەکەم: لەبری (حِينَ) دەڵێت:(حَتَّى).
دووەم: وشەی (كُلّ) لێرەدا مضاف إليهِـیە ودەبێت بە کەسڕە بێت، کەچی دكتر (كُلَّ) منصوب دەكات وبە فەتحە دەیخوێنێتەوە. كێشە نیە جەنابی دكتر تەوحیدی كردووە لە نێوان منصوب ومجرور!
سێیەم (و کارەساتە گەورەکە): دەڵێت (مِثْلهِ) وواتای دەکات بە (هێندەی خۆی)، لە کاتێکدا دەقی سەحیحی فەرموودەکە دەفەرموێت:«مِثْلَيْهِ» واتە (دوو هێندەی خۆی).
مەترسی ئەو لادانە زانستییە: ئەگەر وەک جەنابی دکتر لە فەرموودەکە تێبگەین کە سێبەرەکە لە ڕۆژی دووەمیشدا "بەقەد خۆی" بووە، ئەوا کاتی نوێژی عەسری ڕۆژی دووەم هەمان کاتی ڕۆژی یەکەمە! ئەوەش واتە کاتی عەسر سفرە وجیاوازییەک نییە! بەهۆی ئەو جەهلەوەیە کە جەنابیان ئیجتیهادێکی قەشمەرئامێز دەکات ودەڵێت: "کەواتە کاتی عەسر حەساسە وکەمە دەبێت خێرا بیکەیت!" لە کاتێکدا گەر بیزانیبایە دەقەکە دەڵێت (مِثْلَيْهِ - دوو هێندە)، دەیزانی کە ماوەی نێوان سێبەری "یەک هێندە" و"دوو هێندە"، کاتێکی زۆر وفراوانە بۆ نوێژی عەسر.
١٢. جیاوازی نێوان (زالَ يَزالُ) و(زالَ يَزولُ)، وکاولکردنی کاتی مەغریب!
کاتێک دەگاتە مەغریب دەڵێت: (ثُمَّ جَاءَهُ لِلْمَغْرِبُ)! لام (لِـ) پیتی جەڕە ودەبێت اسمی دوای خۆی بە کەسڕە بێت: «لِلْمَغْرِبِ» بخوێنێتەوە. پاشان دەڵێت:(وَقْتًا وَاحِدًا لَمْ يَزَلْ عَنْهُ) بە فەتحەی (ز).
پوختەی هەڵە زانستییەکە لێرەدایە:
ڕاستییەکە بریتییە لە: «لَمْ يَزُلْ» (بە ضەممەی ز).
١. (لَمْ يَزُلْ) - بە ضەممە: لە ڕەگی (زالَ - يَزولُ) هاتووە کە واتای نەگۆڕان ولانەدانە. واتە کاتی مەغریبی ڕۆژی دووەم نەگۆڕا ولاینەدا لە کاتی ڕۆژی یەکەم؛ هەردووکیان لە یەک کاتدا (کاتی ئاوابوون) کران. ئەوەش ئیجماعی ئوممەتە.
هەروەک زانای فەرموودەناس (محەمەد کوڕی عەلی ئەسیوبی) لە (ذخيرة العقبى 7/ 82)دا دەڵێت:«وقوله:"لم يَزُلْ عنه": أي لم يتغير الوقت عما كان عليه بالأمس، بمعنى أن صلاته للمغرب في اليومين وقعت في وقت واحد».
٢. (لَمْ يَزَلْ) - بە فەتحە (وەک ئەوەی ئەو خویندوویەتیەوە): لە خوشکەکانی (كان)ـەیە کە بۆ بەردەوامی (الاستمرار) بەکاردێت.
لە دەرەنجامی ئەو نەزانییە قووڵەدا، دکتر فەتوایەکی مێژوویی وسەیر دەدات ودەڵێت: (لە ڕۆژی دووەم نوێژی مەغریبی کرد کاتێک ڕۆژ تەواو ئاوابووبوو وڕۆشنایی نەمابوو!). کەچی هەموو موسڵمانێک دەزانێت کاتێک ڕۆشنایی وشەفەقی سوور نامێنێت، ئەوە کاتی نوێژی عیشایە نەک مەغریب!
١٣. بەردەوامی فۆبیای ئەلیفی مەقصوڕە:
وەک هەمیشە دەقەکە بۆ بەیانی دەخوێنێتەوە: (فَصَلِّ الْفَجْرَ) لە جیاتی «فَصَلَّى الْفَجْرَ». وادیارە هەستیارییەکی تایبەتی بە ڕابردوو (فعل الماضي) هەیە.
١٤. شێواندنی ئەنجامگیریی فەرموودەکە (القاعدة الفقهية الجامعة):
لە کۆتایی فەرموودەکەدا هاتووە:«ثُمَّ قَالَ: مَا بَيْنَ هَذَيْنِ وَقْتٌ». مەبەست لەو دەقە ئەوەیە کە حەزرەتی جوبرەئیل بە پێغەمبەری ﷺ فەرموو: کاتی هەموو نوێژەکان دەکەوێتە نێوان ئەو دوو کاتەی کە لەم دوو ڕۆژەدا بۆم دیاریکردیت.
بەڵام دکتر لەبەر ئەوەی بە چاویلکەی کەمبینینەوە سەیری دەقەکان دەکات، وا تێگەیشتووە کە وشەی (هَذَيْنِ - ئەو دووانە) تەنها دەگەڕێتەوە بۆ دوو کاتەکەی نوێژی بەیانی! وە پێیوایە لەو فەرموودەیەدا تەنها باسی ماوەی بەیانی کراوە!
ئەگەر ناوبراو کەمێک ئاگاداری ڕیوایەتەکانی تر بوایە، دەیزانی کە لە سونەنی (النسائي)دا بە ڕوونی هاتووە:«مَا بَيْنَ هَاتَيْنِ الصَّلَاتَيْنِ وَقْتٌ»، هەروەها لە سەحیحی موسلیمدا پێغەمبەر ﷺ بەو کەسەی پرسیاری کاتی نوێژەکانی کرد فەرمووی:«وَقْتُ صَلَاتِكُمْ بَيْنَ مَا رَأَيْتُمْ» (کاتی نوێژەکانتان ئەو ماوەیەیە کە لە نێوان ئەو دوو ڕۆژەدا بینیتان).
ئەنجامگیرییەکی لۆژیکی:
خوێنەرانی هێژا، بڕواننە ئەو تابلۆیە پڕ لە نەزانییە! کەسێک لە یەک تاقە فەرموودەدا، (١٤) هەڵەی زانستی، ڕێزمانی، وفیقهی وا گەورە بکات کە مانای عیبادەتەکان بگۆڕێت، ئایا چۆن عەقڵ ولۆژیک ڕێگە دەدات متمانەی پێبکرێت کاتێک دێت وبڕیاری بەتاڵبوون بەسەر نوێژی بەیانیی ئوممەتێکدا دەدات ودەڵێت "٢٥ خولەک زووتر نوێژ دكرێت"؟!
ئەوەیە حەقیقەتی ئەو بانگەشانەی کە لە ژێر پەردەی (شوێنکەوتەی فەرموودە)دا دەکرێن، لە کاتێکدا نە دەتوانن فەرموودەیەک وەک خۆی بخوێننەوە، وە نە کەرەستەی زانستیی لێکدانەوەی بۆچوونەکانی زانایانیان هەیە. بەڕاستی شوێنکەوتنیان سەرگەردانییەکی تەواوە، وپشت بەستن بە زانایانی ڕەسەن ودەزگا شەرعی وفیقهییە متمانەپێکراوەکان، تاکە کەشتیی ڕزگاربوونە بۆ پاراستنی ئیمان وعیبادەتی موسڵمانان.
ئەوەی خوارەوە دەقی ڕاستی فەرموودەكەیە:
عَنْ جَابِرِ بْنِ عَبْدِ اللهِ وَهُوَ الْأَنْصَارِيُّ، « أَنَّ النَّبِيَّ ﷺ جَاءَهُ جِبْرِيلُ، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى الظُّهْرَ حِينَ زَالَتِ الشَّمْسُ، ثُمَّ جَاءَهُ الْعَصْرَ، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى الْعَصْرَ حِينَ صَارَ ظِلُّ كُلِّ شَيْءٍ مِثْلَهُ - أَوْ قَالَ: صَارَ ظِلُّهُ مِثْلَهُ - ثُمَّ جَاءَهُ الْمَغْرِبَ، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى حِينَ وَجَبَتِ الشَّمْسُ، ثُمَّ جَاءَهُ الْعِشَاءَ، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى حِينَ غَابَ الشَّفَقُ، ثُمَّ جَاءَهُ الْفَجْرَ، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى حِينَ بَرَقَ الْفَجْرُ - أَوْ قَالَ: حِينَ سَطَعَ الْفَجْرُ.
ثُمَّ جَاءَهُ مِنَ الْغَدِ لِلظُّهْرِ، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى الظُّهْرَ حِينَ صَارَ ظِلُّ كُلِّ شَيْءٍ مِثْلَهُ، ثُمَّ جَاءَهُ لِلْعَصْرِ، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى الْعَصْرَ حِينَ صَارَ ظِلُّ كُلِّ شَيْءٍ مِثْلَيْهِ، ثُمَّ جَاءَهُ لِلْمَغْرِبِ، وَقْتًا وَاحِدًا لَمْ يَزُلْ عَنْهُ، ثُمَّ جَاءَ لِلْعِشَاءِ، حِينَ ذَهَبَ نِصْفُ اللَّيْلِ - أَوْ قَالَ: ثُلُثُ اللَّيْلِ - فَصَلَّى الْعِشَاءَ، ثُمَّ جَاءَهُ لِلْفَجْرِ حِينَ أَسْفَرَ جِدًّا، فَقَالَ: قُمْ فَصَلِّهْ، فَصَلَّى الْفَجْرَ، ثُمَّ قَالَ: مَا بَيْنَ هَذَيْنِ وَقْتٌ». رواه الإمام أحمد
تەوەری دووەم: هەڵە زانستییەکانی دكتر یەحیا، ووەڵامدانەوەیەکی شەرعی وئەکادیمیانە
خوێنەری ژیر وتێگەیشتوو، ئەگەر لە تەوەری پێشوودا ڕووخانی پایەکانی زمانی عەڕەبیمان لەسەر زاری ئەو ڕەخنەگرە دەرخست، ئەوا لەو تەوەرەدا ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورەتر دەبینەوە؛ ئەویش سەقەتکردنی مێژووی ئیسلامی، شێواندنی حوکمە فیقهییەکان، وبڵاوکردنەوەی گومانە لەسەر پەرستشی ملیۆنان موسڵمان! کاتێک کەسێک بانگەشەی زانست دەکات، دەبێت قسەکانی لەسەر بنەمای دەقی پتەو (نص محكم) وتێگەیشتنی ڕاست (فهم سليم) بێت، بەڵام با پێکەوە لۆژیکی ئەو (دکترە) لەسەر مێزی نەشتەرگەریی زانست شیبکەینەوە:
یەکەم: شێواندنی مێژووی ئیسڕا ومیعڕاج ودژایەتیکردنی دەقی قوڕئانی!
دكتر یەحیا دەڵێت: پێغەمبەر لە شەوی ئیسڕا ومیعڕاج گەڕایەوە، لە بەیانی گەیشتەوە جێ! (واتە دوای نوێژی بەیانی کە ڕۆژداهاتووە وفەجر تەقیوەتەوە! وەك خۆی دەڵێت).
وەڵامی ئەکادیمی وشەرعی:
ئەو قسەیە نەک هەر هەڵەیە، بەڵکو دژایەتییەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ دەقی قوڕئان وفەرموودە سەحیحەکاندا. گەشتی ئیسڕا ومیعڕاج موعجیزەیەکە لە دەستپێک تا کۆتایی لە چوارچێوەی "شەو"دا ڕوویداوە.
أ- لە ڕووی قوڕئانی وزمانەوانییەوە: پەروەردگار دەفەرموێت:﴿سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا﴾ الإسراء: ١. لێرەدا قوڕئان کاتەکەی دیاریکردووە (جنس الزمان). وشەی (لَيْلًا) لە عەڕەبیدا (نكرة)یە، وئەو نەکرەیە سوودی (التبعيض) دەبەخشێت؛ واتە: موعجیزەکە تەنها لە "بەشێکی شەودا" ڕوویداوە نەک تەنانەت هەموو شەوەکەش! ئەگەر پێغەمبەر ﷺ لە ڕۆژدا گەڕابایەوە، قوڕئان نەیدەفەرموو تەنها (ليلاً)، چونکە بە دەرکەوتنی فەجری صادق شەو کۆتایی دێت وحوکمی ڕۆژ دەستپێدەکات.
ب- لە ڕووی فەرموودە ومێژووەوە: بڕیاردەر لەم پرسەدا قسەی شایەتحاڵەکانە نەک خەیاڵی دکتر! ئومموهانی کچی ئەبوتالیب (خا لێی ڕازیبێت)، کە پێغەمبەر ﷺ لە ماڵەکەی ئەوەوە دەستی بە گەشتەکە کرد، بە ڕوونی دەڵێت: «... فَلَمَّا كَانَ قُبَيْلَ الْفَجْرِ أَهَبَّنَا رَسُولُ اللَّهِ ﷺ...» (سيرة ابن هشام، ٢/ ٣٦). واتە: کەمێک پێش بانگی بەیانی پێغەمبەر ﷺ بەخەبەریهێناین... . پاشان پێغەمبەر ﷺ پێی فەرموو کە ئەوشەو چووەتە قودس وگەڕاوەتەوە، ئینجا "پێکەوە نوێژی بەیانییان کرد". کەواتە پێغەمبەر ﷺ پێش دەرکەوتنی سپێدە گەڕاوەتەوە.
دەی ئەو کەسەی دژایەتی قوڕئان وفەرموودەی ڕاستەوخۆ بکات، چۆن دەکرێتە مەرجەع؟!
دووەم: فیقهی ڕۆژووشکاندن لە نێوان یاسای گەردوونی وتێگەیشتنی خواروخێچدا
خوێنەری ژیر وتێگەیشتوو، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر گۆڕەپانی ئایینی ئەوەیە کە کەسێک بە نیوەناچڵی لە دەقەکان تێبگات وپاشان بەو تێگەیشتنە سەقەتەی خۆی، فەتوا بەسەر عیبادەتی نەتەوەیەکدا بدات. لە درێژەی لادانەکانیدا، (دکتر یەحیا) دێتە سەر باسی کاتی شکاندنی ڕۆژوو ودەڵێت:( خۆر لای تۆ نەما مەغریبە، ئیتر ئی وا هەیە ماڵەكەی وا بەسەر بەرزیەوەیە، ئێمە ڕۆژوو دەشكێنین ئەو نابێت بیشكێنێ، ئەگەر دەنگیشمان بگاتە یەك، لای من خۆر ئاوابووە من لە چاڵاییم، ئەو لە بەرزاییە. ئێستا لە بورجی خەلیفە لە ئیماڕات لە |ڕەمەزاندا بە سێ وەجبە ڕۆژوو دەشكێنن، ئەوانەی بەشی یەكەم دەیشكێنن، بەڵام ئەوانەی بەشی دووەم وسێیەم نایشكێنن؛ لەبەرئەوەی خۆر لێیاندەدات. ئەوە دینەكەتانە دەبیت بیزانن، بە هەوا وئارەزوو نابێت!).
ئەم قسەیە لە ڕوانگەی شەریعەت ولۆژیکەوە، نەک هەر باتڵ وبێبنەمایە، بەڵکو دژایەتییەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ فەرموودە جێگیرەکانی سەروەرمان ﷺ وکۆدەنگی (ئيجماع)ی زانایانی ئوممەتدا. با پێکەوە ئەم قەناعەتە پووچە لەسەر مێزی زانستی شەرعی ورد بکەین وبزانین شەریعەت چەندە ورد وگەردوونییە:
١. تابلۆ گەردوونییەکە لە فەرموودەی پێغەمبەردا ﷺ:
پێغەمبەری ئیسلام ﷺ کاتی شکاندنی ڕۆژووی نەبەستووەتەوە بەوەی کەسێک لەناو چاڵێکدا خۆی بشارێتەوە وبڵێت خۆرم لێ ون بوو! بەڵکو سێ مەرجی گەردوونیی داناوە کە دەبێت پێکەوە ڕووبدەن. قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ:«إِذَا أَقْبَلَ اللَّيْلُ مِنْ هَا هُنَا، وَأَدْبَرَ النَّهَارُ مِنْ هَا هُنَا، وَغَرَبَتِ الشَّمْسُ فَقَدْ أَفْطَرَ الصَّائِمُ» رواه البخاري ومسلم. واتا: کاتێک شەو لەم لایەوە -واتە لە ڕۆژهەڵاتەوە- ڕووی تێکرد، وڕۆژیش لەم لایەوە -واتە لە ڕۆژئاواوە- پشتی هەڵکرد وڕۆیشت، وە خۆر بە تەواوی ئاوا بوو، ئەوا با ڕۆژووگر ڕۆژووەکەی بشکێنێت.
ڕوونکردنەوەی زانستی: لێرەدا پێغەمبەر ﷺ پێماندەڵێت: ئاوابوونی خۆر دیاردەیەکی گشتگیرە. مەرجە تاریکی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەستپێبکات وخۆرەکەش خۆی لە ئاسۆدا نەمێنێت. ئەگەر تۆ لە چاڵێکدا بیت وخۆرت لێونبێت، بەڵام هێشتا تاریکی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەرنەکەوتبێت، ئەوە واتای ئەوەیە خۆر ئاوا نەبووە، بەڵکو تۆ لەبەر بەربەستێک نایبینیت!
٢. فەتوای پێشەوا نەوەوی ووەڵامێکی بێدەنگکەر بۆ تیۆری (چاڵ وبەرزایی):
بۆ ئەوەی بزانین زانایانی ڕاسخ چۆن بە وردی مامەڵەیان لەگەڵ جوگرافیا وتۆپۆگرافیای ناوچەکاندا کردووە، با گوێ لە پێشەوای گەورەی مەزهەبی شافیعی، ئیمام نەوەوی (ڕەحمەتی خودای لێبێت) بگرین.
پێشەوا نەوەوی دەڵێت:"فَأَوَّلُ وَقْتِ الْمَغْرِبِ إذَا غَرَبَتْ الشَّمْسُ وَتَكَامَلَ غُرُوبُهَا وَهَذَا لَا خِلَافَ فِيهِ نَقَلَ ابْنُ الْمُنْذِرِ وَخَلَائِقُ لَا يُحْصَوْنَ الْإِجْمَاعَ فِيهِ، قَالَ أَصْحَابُنَا: وَالِاعْتِبَارُ سُقُوطُ قُرْصِهَا بِكَمَالِهِ وَذَلِكَ ظَاهِرٌ فِي الصَّحْرَاءِ، قَالَ الشَّيْخُ أَبُو حَامِدٍ وَالْأَصْحَابُ: وَلَا نَظَرَ بَعْدَ تَكَامُلِ الْغُرُوبِ إلَى بَقَاءِ شُعَاعِهَا بَلْ يَدْخُلُ وَقْتُهَا مَعَ بَقَائِهِ، وَأَمَّا فِي الْعُمْرَانِ وَقُلَلِ الْجِبَالِ فَالِاعْتِبَارُ بِأَنْ لَا يُرَى شَيْءٌ مِنْ شُعَاعِهَا عَلَى الْجُدَرَانِ وَقُلَلِ الْجِبَالِ". المجموع شرح المهذب (3/ 29).
ئیمام نەوەوی ئیجماعی ئوممەت دەگوازێتەوە کە کاتی مەغریب پەیوەستە بە نەمانی "تەواوی قورسی خۆر" لە ئاسۆدا.
پاشان جیاکارییەکی جوگرافیی زۆر ورد دەکات ودەڵێت: لە بیابان ودەشتاییدا ئاوابوونەکە بە چاو دیارە، بەڵام لە ناوچە ئاوەدان وچڕەکان (العمران) وناوچە شاخاوییەکاندا (قُلَل الْجِبَالِ)، پێوەرەکە ئەوەیە کە نابێت هیچ تیشکێکی خۆر بەسەر دیوارە بەرزەکان ولوتکەی چیاکانەوە بمێنێت.
لێرەدا ئەو تیۆرییە پێکەنیناوییەی دکتر بەتاڵدەبێتەوە! ئەگەر تۆ لە دۆڵێک یان چاڵێکدا بیت وخۆرت لێونبێت، حەڕامە ڕۆژوو بشکێنیت ئەگەر ببینیت تیشکی خۆر هێشتا لەسەر لوتکەی چیاکەی تەنیشتت، یان دیوارە بەرزەکەی تەنیشتت ماوە. چونکە مانەوەی تیشک لەسەر لوتکەکان، واتە هێشتا قورسی خۆر لە ئاسۆی ئەو ناوچەیەدا ئاوا نەبووە!
٣. یەکلاکەرەوەی کۆتایی لەسەر زاری پێشەوا ئیبن تەیمییە:
پێشەوا ئیبن تەیمییە کە خۆیان بانگەشەی شوێنکەوتنی دەکەن، بە تەواوی ئەو گومانانە دەڕەوێنێتەوە.
وَسُئِلَ عَنْ غُرُوبِ الشَّمْسِ: هَلْ يَجُوزُ لِلصَّائِمِ أَنْ يُفْطِرَ بِمُجَرَّدِ غُرُوبِهَا؟ فَأَجَابَ: «إذَا غَابَ جَمِيعُ الْقُرْصِ أَفْطَرَ الصَّائِمُ وَلَا عِبْرَةَ بِالْحُمْرَةِ الشَّدِيدَةِ الْبَاقِيَةِ فِي الْأُفُقِ. وَإِذَا غَابَ جَمِيعُ الْقُرْصِ ظَهَرَ السَّوَادُ مِنْ الْمَشْرِقِ كَمَا قَالَ النَّبِيُّ ﷺ: "إذَا أَقْبَلَ اللَّيْلُ مِنْ هَاهُنَا وَأَدْبَرَ النَّهَارُ مِنْ هَاهُنَا وَغَرَبَتْ الشَّمْسُ فَقَدْ أَفْطَرَ الصَّائِمُ"». مجموع الفتاوى (٢٥/ 215). واتا: پرسیار لە ئیبن تەیمییە کرا: ئایا دروستە ڕۆژووگر هەرکە خۆر ئاوابوو ڕۆژووەکەی بشکێنێت؟ گوتی: ئەگەر هەموو قوڕس وبازنەی خۆرەکە ئاوابوو، ئەوا ڕۆژووگر ڕۆژووەکەی دەشکێنێت، وگوێ نادرێت بەو سوورییە توندەی کە لە ئاسۆدا دەمێنێتەوە. کاتێکیش تەواوی قوڕسی خۆرەکە ئاوا دەبێت، ڕەشایی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوێت، هەروەک چۆن پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی...).
كەواتە: پێوەرەکە شاردنەوەی کاتیی خۆر نییە بەهۆی باڵەخانەیەک یان شاخێکەوە، بەڵکو دیارنەمانی "تەواوی قورسی خۆر"ە لە ئاسۆی ڕاستەقینەدا، کە نیشانەکەشی هاتنی تاریکییە لە ڕۆژهەڵاتەوە.
دەرەنجامێکی لۆژیکی وپەروەردەیی:
گێڕانەوەی ئەو نموونەیەی کە دەڵێت "کەسێک لە چاڵێکدایە وکەسێک لە بەرزاییەکدایە، ئەوەی چاڵەکە زووتر ڕۆژوو دەشکێنێت!"، نیشانەی تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە (عِلَّة) وهۆکاری حوکمە شەرعییەکان. شەریعەت کاتەکانی بە ئاسۆی ناوچەیەکەوە بەستووەتەوە (الأفق)، نەک بە شوێنی وەستانی تاکە کەسێکەوە. بەڵێ، ئەگەر جیاوازییەکە زۆر گەورە بوو وەک کێوی زۆر بەرز یان تاوەرێکی وەک (بورجی خەلیفە) کە سەدان مەتر بەرزە، لەوێدا ئاسۆکە دەگۆڕێت وکاتی ئاوابوون چەند خولەکێک درەنگتر دەکەوێت، بەڵام بۆ کەسانی ناو یەک گەڕەک یان یەک شار کە یەکێکیان لە نهۆمی یەکەمە وئەوی تریان لە سەر بانە، جیاکردنەوەی کاتی ڕۆژووشکاندنیان داهێنانێکی نوێیە لە جەهلدا!
ئەو جۆرە فەتوایانە، جگە لە دروستکردنی فەوزا، تێکدانی یەکڕیزی، ویاریکردن بە کاتی پەرستشی خەڵک، هیچ بەهایەکی زانستییان نییە. ئەرکی هەموو باوەڕدارێکی هۆشیارە کە ئایین وپەرستشەکانی لەم جۆرە "ئیجتیهادە نەخۆشانە" بپارێزێت وبگەڕێتەوە بۆ باوەشی تێگەیشتنی ڕەسەن وزانایانی ڕاسخی ئوممەت.
سێیەم: لۆژیکی پێچەوانە لە پێناسەی بانگدا!
بانگەشەکار: دەڵێت: (ئێمە دەڵێین کاتی بانگەکەیە کاتی نوێژە، ئەوە هەڵەیە! خۆی کاتی نوێژ کاتی بانگە!).
وەڵامی ئەکادیمی:
ئەوە ئەو قسانەیە کە پێی دەوترێت (تلاعُب بالألفاظ - یاری پێکردن بە وشەکان) بێ ئەوەی هیچ مانایەکی لۆژیکیی هەبێت. بانگ (الأذان) لە ئیسلامدا "ڕاگەیاندن"ـە (إِعْلَامٌ بِدُخُولِ الْوَقْتِ). کاتێک بانگ دەدرێت، واتا کاتی شەرعی نوێژ هاتووە، ئەو دووانە پێکەوە گرێدراون لە واقعدا وهیچ پێویست بەم فەلسەفە بێمانایە ناکات.
چوارەم: کارەساتە گەورەکە؛ بەتاڵکردنەوەی نوێژی بەیانیی ملیۆنان موسڵمان!
گەیشتینە خاڵە هەرە مەترسیدارەکە کە یاریکردنە بە عەقیدە ودەرونی موسڵمانان.
بانگەشەکار دكتر یەحیا دەڵێت: (والله نوێژی بەیانی دەكرێت، خەڵك دەڕواتەوە (لە مزگەوت بۆ ماڵ) هێشتا كاتی نەهاتووە! والله من لە هیچ مزگەوتێكا نوێژ ناكەم، نوێژی بەیانی، چونكە هیچ كامیان كاتی شەرعی خۆی نیە، جار جارە لە مزگەوتی خۆم 25 دەقیقە (دوای بانگ) ڕادەوەستم ئینجا نوێژ دەكەم، ئێستا دوای 23 دەقیقە دەمێنێ ئینجا ڕۆشنایی دەستپێدەكات، هێشتا كاتەكەشی نەهاتووە، حەقی شەرعی خۆی دەبێت (دوای بانگی ئێستا مزگەوتەكان) 35 دەقیقە بوەستی ئینجا داخیلی كاتەكەی خۆی بووی بە تەواوی، ئێ كوا كام مزگەوت دەوەستێ بۆ ئەوە، دەڵێن: ئەوە مەلای گەورەی كۆیێ ئەو تەئریخەی داناوە، ئێ كاكە بە تەجرەبەیەك دایناوە قوڕئان هەڵیئەوەشێنێتەوە، ئەو بەپێی فەلەك دایناوە، خوداش لە قوڕئاندا دەفەرموێ: {وَالسَّمَاءَ بَنَيْنَاهَا بِأَيْدٍ وَإِنَّا لَمُوسِعُونَ} الذاريات: 47. ئێمە بەردەوام ئاسمان دەكشێنین، ئێ كشانی ئاسمان كار لەسەر مەشرق ومەغریبیش دەكات، تۆ ناتوانی تەئریخێك دانێی بۆ زەمەنیك بڵێی بۆ هەتا هەتایی دەخوا ودەڕوا بۆ كاتی شروق وغروب!).
وەڵامی شەرعی وفیقهی بۆ ئەو لادانە مەترسیدارە:
١. تانەدان لە مێژوو ونەزانینی دانەری تەقویمەکە:
سەرەتا جەنابی دکتۆر تەنانەت نازانێت کێ تەقویمی کاتەکانی نوێژی لە هەولێر داناوە! ئەو دەڵێت مەلای گەورەی کۆیە دایناوە، لە کاتێکدا ئەو کەسەی تەقویمەکەی داناوە وبە وردییەکی زانستییانە حسابی بۆ کردووە زانای گەورەی فەلەکناسی (مامۆستا سەید مەلا محەمەدی پیرداودی)یە نەک مەلای گەورە! کاتێک تۆ مێژووی سەد ساڵی پێش خۆت نەزانیت، چۆن دەبیتە موفتی؟!
٢. سەرلێشێواوییەکی کوشندە لە خودی فەتوایەکەیدا:
سەرنجی ئەو ناکۆکییە کوشندەیەی قسەکانی بدەن؛ لە لایەک دەڵێت: (من ٢٥ دەقیقە ڕادەوەستم ئینجا نوێژ دەکەم)، لە لایەکی تریشەوە دەڵێت: (دەبێت ٣٥ دەقیقە بوەستی ئینجا داخیلی کاتەکە دەبیت)! دەی بەپێی قەناعەت وفەتوای خۆت بێت، نوێژەکانی جەنابیشت بەتاڵن چونکە لە (٢٥ دەقیقە)دا نوێژت کردووە کە هێشتا نەچووەتە کاتەکەیەوە (٣٥ دەقیقە)کە! ئایا ئەوەیە عیلم وفەتوای ئەهلی تەوحید؟!
٣. دژایەتیکردنی سوننەتی پێغەمبەر ﷺ بۆ کاتی نوێژی بەیانی:
ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەبێت دونیا "ڕووناکبێتەوە وتەقیبێتەوە" ئینجا نوێژی بەیانی بکرێت! ئەو قسەیە بەڵگەی نەشارەزاییەکی ڕەهایە لە فەرموودەکانی بوخاری وموسلیم. پێغەمبەر ﷺ نوێژی بەیانی زوو دەکرد ولە کاتی (الغَلَس - تاریکیی تێکەڵ بە سپێدە)دا بوو، نەک ڕووناکی.
بەڵگەی یەکەم:
خاتوو عائیشە (خودا لێی ڕازیبێت) دەڵێت:«كُنَّ نِسَاءُ المُؤْمِنَاتِ يَشْهَدْنَ مَعَ رَسُولِ اللَّهِ ﷺ صَلاَةَ الفَجْرِ... ثُمَّ يَنْقَلِبْنَ إِلَى بُيُوتِهِنَّ حِينَ يَقْضِينَ الصَّلاَةَ، لاَ يَعْرِفُهُنَّ أَحَدٌ مِنَ الغَلَسِ» رواه البخاري ومسلم. واتە: ئافرەتانی باوەڕدار نوێژی بەیانیان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دەکرد، پاشان کە نوێژ تەواودەبوو دەگەڕانەوە ماڵەوە وکەس یەکتری نەدەناسییەوە بەهۆی تاریکیی بەیانییەوە الغلس.
دەلالەتی فەرموودەکە (وجه الاستدلال): ئەگەر دوای تەواوبوونی نوێژیش هێشتا دونیا تاریک بووبێت، ئەی دەبێت کاتی دەستپێکردنی نوێژەکە چەند تاریک بووبێت؟!
بەڵگەی دووەم:
پێشەوا جابری کوڕی عەبدوڵڵا (خودا لێی ڕازیبێت) دەڵێت:«وَالصُّبْحَ كَانَ النَّبِيُّ ﷺ يُصَلِّيهَا بِغَلَسٍ» رواه البخاري ومسلم. واتە: نوێژی بەیانی پێغەمبەر ﷺ لە تاریکیدا -الغلس- دەیکرد.
٤. شێواندنی ئایەتی قوڕئانی بۆ پشتیوانی فەتوایەکی باتڵ:
سەیرترین پاساوی ئەو پیاوە ئەوەیە دەڵێت: ئاسمان دەکشێت بە بەڵگەی ﴿وَإِنَّا لَمُوسِعُونَ﴾، بۆیە کاتەکانی هەڵاتن وئاوابوونی خۆر دەگۆڕێن وئەو تەقویمە قوڕئان هەڵیدەوەشێنێتەوە!
پەنا بە خوا لەم جەهلە مورەکەبە! (کشانی گەردوون - تمدد الكون) کە زانست سەلماندوویەتی، پەیوەندی بە دوورکەوتنەوەی گەلەئەستێرەکانەوە (المجرات) هەیە لە یەکتری، نەک گۆڕانی سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆی وخۆردا کە بەرپرسیارە لە دروستبوونی شەو وڕۆژ! ئەگەر کاتەکان بەو شێوەیە بگۆڕێن، ئەوا دەبێت ساڵانە درێژیی ڕۆژەکان چەندین سەعات جیاوازی بکات. بەکارهێنانی ئایەتی قوڕئانی بەو شێوە سەقەتە زانستییە، سووکایەتیکردنە بە قوڕئان نەک بەرگریکردن لێی.
٥. دروستکردنی دڵەڕاوکێ لە جیاتی یەقین (الوسوسة):
لەلای زانایانی ئوسوڵ بنەمایەک هەیە: (الْيَقِينُ لَا يَزُولُ بِالشَّكِّ - دڵنیایی بە گومان لاناچێت). ئەو کاتەی لەلایەن وەزارەتەکانی ئەوقاف، لیژنە فەتواکان، ودەزگا فەلەکییە متمانەپێکراوەکانی جیهانی ئیسلامییەوە دیاریکراوە، یەقینە وبە لێکۆڵینەوە کراوە. هاتنی کەسێک کە لەسەر بانێکەوە سەیری ئاسمانی کردووە ودڵی پڕ لە گومانە، ناکرێتە پێوەر بۆ تێکدانی عیبادەتی نەتەوەیەک.
پوختەی پەیام:
ئەی موسڵمانی ژیر، ئەوەی لەسەرەوە خستمانە ڕوو، تەنها دڵۆپێکە لە دەریای لادانەکانی ئەو کەسانەی کە بڕوانامەی زانستییان کردووەتە چەکێک بۆ شێواندنی ئایین. ئەوانە، نەک تەنها لە بنەماکانی شەریعەت (أصول الدين) تێنەگەیشتوون، بەڵکو تەنانەت ڕێنووس وزمانی قوڕئانیش وێراندەکەن. باشترین وەڵام بۆ ئەو جۆرە کەسانە، پشتگوێخستنیانە لە مەیدانی زانستیدا وگەڕانەوەیە بۆ لای زانایانی ڕاسخ ودامەزراوە شەرعییە متمانەپێکراوەکان، تاوەکو ئیمانمان پارێزراو بێت لەو ژەهرانە.
پەیامی ئێمە بۆ هەر برا وخوشکێکی موسڵمان ئەوەیە: ئایینەکەتان گرانبەهاترین شتە کە هەتانە، تەسلیمی دەستی ئەو کەسانەی مەکەن کە شەریعەتیان کردووەتە پڕۆژەی خۆدەرخستن. خوای گەورە فەرمانی پێکردووین کە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکان وپرسیار لە پسپۆڕان بکەین ﴿فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ﴾.
نوێژەکانتان بە گوێرەی ئەو خشتانەی لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی ئەوقاف وزانایانی ناوخۆوە دانراون دروست وجێبەجێیە وهیچ کێشەیەکی شەرعی تێدا نییە. ڕێگە مەدەن (جەهلی بڕوانامەدار) ئارامیی ئیمانتان بشێوێنێت!
وصلى الله على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين.
✍
دكتۆر هيوا مەلا محمد بێراوەیی
10 / 3 / 2026